هۆمەر دزەیی – کوردستان هەر دێینەوە
با دێهات گشتی رووخاو بێ
با و باران پڕ لە ژەهراو بێ
جۆگە و کانی وگۆم بێ ئاو بێ
چۆلەکەی ئاسمان بێ چاو بێ
هێشتا هەر خۆشترین جێگای
بۆ شادیمان تاکە رێگای
با گوڵ لە رەنگان بێ بەش بێ
بەفری زۆزانان با رەش بێ
کۆرپەی ساوا بێ باوەش بێ
بووك بۆ زاوا سەر بە هەش بێ
هێشتا هەر جوانترین بووکی
خوێن شیرین و ئێسك سووکی
با لە خاکت بۆنی گاز بێ
ئاوی رووبارت ناساز بێت
بێ مراوی و سۆنە وقاز بێ
بێ خوڕە و بێ بەردەباز بێ
هێشتا هەر بەردێکی هەڵگورد
(حجر الاسود) ە لای کورد
با جوتیار هەر بێ هەوار بێ
کاولە دێی بێ مشک ومار بێ
با لە شاران شین و زار بێ
با ژن رەشپۆش، تازیەدار بێ
هێشتا هەر ئاشقی خاکین
رۆڵەی وەفادار و چاکین
با ئەمڕۆ ماڵمان وێران بێ
با رۆژمان دیدەی کوێران بێ
رێوی با لە جێی شێران بێ
شەرت بێ لە شەرتی مێران بێ
مێژوو هەڵگەڕێنینەوە
مژدە بۆ کورد بێنینەوە
با ئەمڕۆ وڵات کاول بێ
با کورد سندمی لە مل بێ
بەهار بێ سەوزەگیا و گوڵ بێ
بوڵبوڵ تامەزرۆی یەک چڵ بێ
ئۆلی داسنی نابڕێتەوە
شەنگال وەک خۆی لێ دێتەوە
با کورد لە سەحرای عەرعەر بێ
یان لای تورکان دەستبەسەر بێ
با لە سیستان دەربەدەر بێ
لە ئەمەریکا پەنابەر بێ
ناتوێتەوە ، ناتوێتەوە
رۆژێک لە رۆژان دێتەوە
دوژمن هەرچی بۆت کراوە
هەرچی بە کوردت داداوە
گشتی بەو خەیاڵپڵاوە
گوایا ئیتر کورد بڕاوە؟
رەگی لێرە داکوتاوە
کورد هەردەمێنێ و هەر ماوە
دوژمن ئەو هەموو کێوانە
ئەو بەفر و سەرمای زستانە
هەر لە کورد دێ و بە کورد جوانە
کەی بۆتۆ جێگەی ژیانە؟
هەڵەبجە وعەگال وعەبا
پێم ناڵێی کوجا مەرحەبا
کوردستان مێگەل و شوانت
بزنەڕێی لاپاڵ کێوانت
رانکە شڕەکەی گاوانت
داس و دروێنەی سەپانت
لای ئێمە جوانن ، شیرینن
سەرچاوە و هەوێنی ژینن
کوردستان غەم مەخۆ دایە
داربەڕوو قەت لە بن نایە
وا کۆبانێ وێنەی چیایە
بۆتە ئەفسانەی دنیایە
تۆ لانکەی پێکەوە ژیانی
ئیسلام و جوو و داسنی و دیانی
کوردستان دەگەڕێینەوە
بەڵێن بێ دەبێ بێینەوە
بناغەی نوێ دەنێینەوە
لە باوەشتا دەسێینەوە
کوردستان هەر هی کوردانی
بۆ ئێمە وەک ئاو و نانی
کوردستان گشت یادگارمانی
کوردستان بە تۆوە ماوین
بێ تۆ ماسی بێ ئاوین
کوردستان تۆ یارمانی
کوردستان گشت یادگارمانی