Adnan Karim – Zolfi Shana Da

adnan karim

عەدنان کەریم – زولفی شانە دا

شیعری : وەفایی

كه‌ شانه‌ی دا له‌ زولفی تار و ماری
له‌ هه‌ر تارێكی بارێ نافه‌ باری

به‌ داو هه‌ر تاره‌ بۆ من بۆته‌ تارێ
له‌ پێم ئاڵاوه‌ زولفی تار و ماری

مه‌گه‌ر تۆ بووی به‌ گریه‌م هاتیه‌ خه‌نده‌
كه‌ گوڵ پشكووت به‌ ده‌م هه‌وری به‌هاری

وه‌ره‌ سه‌ر هه‌ر دوو چاوم با بزانن
كه‌وا شیرینه‌ سه‌روی جۆیباری

به‌ به‌ردا زولفی به‌رداوه‌ كه‌ تاتا
شه‌وی گێڕا به ‌ڕۆژ باغی هەناری

لەبه‌ر ئاوری ده‌روونم داده‌گریێم
به‌ به‌رق ئه‌نگووتوه‌ هه‌وری به‌هاری

گوتم ئه‌ی تازه‌ غونچه‌ی باغی جه‌ننه‌ت
گوتم ئه‌ی سه‌روی چین ماهی حه‌ساری

له‌به‌ر ته‌وقی فیراق و ئیشتیاقت
فیراقی كرد دڵم تۆقی به ‌زاری

به‌ جارێ بمكوژه‌ خوێنم بڕێژه‌
نەجاتم دە‌ له‌ ده‌ردی ئینتیزاری

برۆی تێكنا به‌ ڕوودا ئاره‌قی ڕشت
له‌ ماهی قه‌وسیدا شه‌بنم ئه‌باری

وه‌ها شێوا “وه‌فایی” دوور له‌ زولفت
له‌ داخی تۆ كه‌ هه‌ر گریانه‌ كاری

 

Print Friendly, PDF & Email