شێرکۆ تالیب – دە دەرکەوە
هۆنراوەی: بەکر عەلی
دەدەرکەوە گوڵـم هێشتا پێڵـوم فەڕشی سەرەڕێیە
دڵ کـڵـۆیـەك بەفری سوری ناو پێکـەکانی شەوێـیە
وەرە ئاخر کێ فەرموویە بەو ناسکیەوە کەبێ دڵ بی
پایــزم گۆڕێکی تەنگـە لـەو گـۆڕەدا مـشتـێ گـڵ بی
وەرە لێرە لەم ژورەدا دارچنارێ بالا ئەکا
لە جیاتى بەفر یا باران تەورێ بەسەریا دائەکا
دوا بڕیارە ئەڵێی ئازیز هەر چرکەیەك سەرت دابێ
نەهاتوى تا دارو بەردی ئەم ڕێگەیەش نەگریابێ
چ دادێکە بڵێی تاکەى لەو دەرگایە ڕابمێنم
دە دەرکەوە گوڵم ئاخر خۆ ڕوبار نیم بتفڕێنم
هەور نیم تا فریشتەکەم ڕولە ئاستانەکەى با کەم
تا بمهێنى و لە بنمیچى ژورەکەتدا بە خوڕ داکەم