فرمێسك – ئارەزووی فڕین
گۆرانی : ئارەزووی فڕین
ووتنی : فرمێسك
ھۆنراوەی : مامۆستا ھێمن
ساڵی دەرچوون : ٢٠١٨
ئەلبوومی : ئارەزووی فڕین
ژین بە یەخسیری و دیلی بێ کەڵکە
بۆیە لە مێژە لە ژینم تێرم
گوزەران بۆ من لە ناو ئەم خەڵکە
سەختە، ناخۆشە، چۆنی ڕابوێرم
هێزم لێ بڕا تاکەی دەربەرم
لە ناو مەینەت و دەردی سەرزەمین
ئەوە بەینێکە کەوتۆتە سەرم
بیری ئازادی و ئارەزوی فڕین
بەڵام گیانەکەم نیمە باڵ و پەڕ
کە بفڕم، بڕۆم، خۆم بدەم نەجات
بچمە شوێنێکی لێی نەبێ بەدفەڕ
لە باوەش بگرم نەوبوکی ئاوات
ئەی سروە باکەی بەیانی! وەرە
بە شنەشن و پشوی خۆت توندکە
لەسەر ئەو دنیا نەویەم لابەرە
هەتا دەتوانی ئەمن بڵندکە
نانا هەورە ڕەش! ئەوڕۆ نەوی بە
لەو بەرزانە وەرە بەرەو خوار
کەم کەمە وەرە ڕێکی زەوی بە
لەسەر پشتی خۆت ئەمن بکە سوار
ئەوجار هەستەوە بڕۆ بەرەو ژوور
مەوەستە هەتا تیشکی ئاسمان
بم بەرە نزیك ئاسۆی جوان و سوور
نەجاتم بدە لە کاولی خەمان
التعليقات مغلقة.