دیاری قەرەداغی – زیکری عیشق
زیکری عیشق
وتنی: دیاری قەرەداغی
هۆنراوە:حەسیب قەرەداغی
بەرهەمی ساڵی١٩٩٧
زیکری ئەمشەو زیکری جەهرە
ئادەی دەروێش ناوی خوایە
جاران لە ئەڵقە دەرئەچوو
ئەوەی لە شۆڕ جێبمایە
ئەمشەو پەیام سۆزی عەشقە
ئیمتیحانی ئێجگارییە
شەوی چوونە ناو دەروونە
جێهێشتنی بێدارییە
دەفژەن! ئادەی کوانێ ڕەزمت؟
نەیژەن دنیا ببنە شمشاڵ
کۆڕی ئەمشەومان گەرمکەن
هەتا دەگەینە حاڵی حاڵ
پێکی خۆمان لێوڕێژ دەکەین
تا دوا چۆڕی دەخۆینەوە
حەی و مەیمان هەر بۆ دڵە
هەموو گەردێ دەشۆینەوە
ساقی ئێمە گەرمە حاڵین
نەوای لێوت بکەرەوە
ئێمە کەلام و سەلامین
تۆش وەڵاممان بدەرەوە
خەمی ئەمشەو هەر بۆ عەشقە
خۆشەویستی، لە ناخایە
بە شەوچرا بەدی ئەکەین
گوڵی خەمڵیو لە باخایە
لەسەر لێوی وشکی ئێمە
زەردەخەنەت تەڕاییە
نەزەری شێخ بۆ دەروێشان
هەموو کاتێ خۆڕاییە