ڕێبوار بەنگینە – دوو ئاوانەکە
هۆنراوە: پیرەمێرد
دوو ئاوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە روناکی وێنەی بلوری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەك ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆغراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون
بەدەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون
بەشەدەی لارو کراسی کەتان
وەك مانگ (کەتان)ی جەرگیان ئەسووتان
وەك مانگ بە شەوەی تاریکی دەیجوور
بورجی رەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لاوەکە
بڕوانم ئاخۆ جامی فۆتۆگراف
نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف
نەء!! ئەو دەبدەبەو سەر ئەو سەر ئاوە
ئێستا ئەفسانەو نەخشی سەر ئاوە
ئەم دڕك و داڵە و ئەم قەل و داڵە
ماونەوە لە شوێن ئەو گەورە ماڵە
نازداران بوونە ماسی دواوان
بە بۆمبای راوکەر کەوتنە سەر ئاوان
لە تاوەی جەوری چەرخی چەپگەردا
ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا
وێڵ و ئاوارەی ئێڵی مورادیم
نزیك لە مەرگم دووریش لە شادیم