هۆمەر دزەیی – خەون لە خەودا
دوێنێ شەو بینیم لە خەوێ
لەسەر جێی بەر مانگە شەوێ
خۆم خزاندە سەر جێی فێنك
نەمهێشت بەر هەناسەم کەوێ
قــــژی خــــاوی..
با لێداوی.. ئاڵۆزاوی
جار جار دایدەپۆشت لا چاوی
خوایە گیان چەندم خۆشدەوێ
زۆ بە ئەسپای و بە نەرمی
دەمم برد بۆ لێوی گەرمی
چاوی هەڵهێنا و پێی گووتم
خەونم ئەدی تۆ هاوسەرمی
نەیهێشت هەستم..
گرتی دەستم.. لێوی گەستم
موچوڕکێکی خۆشی دایگرت
سەرتاپای هەناو و هەستم
پێکڕا تا مەلا بانگدانێ
تێکئاڵان و دەس لە ملانێ
لە ناکاو دەنگی مەلا هات
دایبڕیم لە بەژنی جوانێ
بەسەرسامی..
بە ناکامی.. بێ ئارامی
بەجێم هێشت بەهەشتی خەونم
چاوم پڕ بوو لە گریانێ
التعليقات مغلقة.