Najmadin Xulami – Newroz

نەجمەدین غوڵامی

نەجمەدین غوڵامی – نەورۆز

هۆنراوەی: ڕەحیم لوقمانی 

ڕۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
دەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز هاتەوە

سروشت سەرپاکی جوانی ئەنوێنێ
وەک بووکی ڕازاو خۆی ئەخەمڵێنێ

دەشت و کوێستان و لووتکەی بەرزی کێو
بزەی بەهاریان کەوتۆتە سەر لێو

بەفری تواوەی سەر شاخی تەمبار
ئەبێ بە فرمێسک چۆڕچۆڕ دێتە خوار

هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز
گابەرد ئەتلێنێ، کەژ دێنێتە لەرز

کیژی دارستان لە شاییی چەما
بە مۆسیقای ئاو، دێنەوە سەما

باخ و ڕەزی شاخ یان مێرگ و چیمەن
خشڵی ڕازاوەی بژوێنی دیمەن

سەوزاییی دەشت و زەنجیرەی کوێستان
تاریف ناکرێ جوانیی کوردستان

کەوی دڵداری ئازادی جوانی
دەروونی کەیلی سۆزی گۆرانی

بەری حەسرەتی دڵ ئەکاتەوە
بانگی پەڕاوپەڕ دەنگ ئەداتەوە

لە سەر قەندیل و شاهۆ و نەکەرۆز
ئەڵێ گەلی کورد نەورۆزتان پیرۆز

 

Print Friendly, PDF & Email