مەزهەری خالقی – بەهاران
هۆنراوەی: ئەدەب
میلۆدی: فۆلکلۆر
پیانۆ و ئەرێنج: یوسفی
( ئۆرکسترای هونەرە جوانەکان – ١٩٥٩ )
دەروونم لە حەسرەت دیدارت سووتاوە
بە جارێ نە ئەقڵ و نە فەهمم نەماوە
دڵ لەلات بێ، ڕۆح فیدات بێ
من نەماوم، تۆش حەیات بێ
بەهاران چ مەحزوون، دەناڵێنێ بولبول
هەتا کەی بگریێم، بە عیشقی تۆی گوڵ
ئای گوڵی من، سونبولی من
ئاگرت بەردا دڵی من
جوانیی تۆ لەم شارەدا بێ نەزیرە
دڵم مورغی سەحرا، بە داوی تۆ گیرە
مورغی چاکم، زۆر بێ باکم
حەیفە لە دووریت هیلاکم
بناڵێنە بولبول، کە وەختی فوغانە
لەسەر چڵ نەما گوڵ، نیشانەی خەزانە
ئای گوڵی من، سونبولی من
ئاگرت بەردا دڵی من