سەرباز جەمال / تیپی بابان – من نەگۆڕاوم
شیعر : کەمالی (١٨٨٦-١٩٧٤)
من نەگۆڕاوم وەك جاران ماوم
لە دەردی دووریت دڵ پڕ زووخاوم
شێوەی ڕوخسارت لە دڵ جێگیرە
بڵێسەی عەشقت ھەر بە تەئسیرە
عەکسی ڕووت لە ناو بیلبیلەکەی چاو
ناشوڕێتەوە بە فرمێسك و ئاو
ھێز و ھەناوم بینایی چاوم
من بێ وەفا نیم بە یادت ئەژیم
یاری جەبین گوڵ ھەر ئەڵێم بە کوڵ
وەك جاران ماوم من نەگۆڕاوم
تا ڕۆژی مەحشەر ھەر بەندەی گیانیم
مەحوی شێوەی تۆم نازانم خۆم چیم
بە دەردو خەفەت بە جەوری زەمان
لە یادم ناچی مەحبووبی دەوران
لەگەڵ خەفەت و دەردی زەمانە
وا زۆران ئەگرم ئازیز بزانە
ھێز و ھەناوم بینایی چاوم
من بێ وەفا نیم بە یادت ئەژیم
یاری جەبین گوڵ ھەر ئەڵێم بە کوڵ
وەك جاران ماوم من نەگۆڕاوم
نایەڵی خەفەت بگرێ موڵکی دڵ
ئەمین بە کاتێ کە ئەچمە ژێر گڵ
تۆ وا نەزانیت کە من گۆڕاوم
ئێستاش ھەر شێوەت وا لە بەر چاوم
بە عەشقت ژیام لەسەر ڕووی دونیا
ئەوساش ھەر عەشقت بۆ بەھەشت ئەمبا
ھێز و ھەناوم بینایی چاوم
من بێ وەفا نیم بە یادت ئەژیم
یاری جەبین گوڵ ھەر ئەڵێم بە کوڵ
وەك جاران ماوم من نەگۆڕاوم