Ata Ahmad – La Xurbata

Ata Ahmed

عەتا ئەحمەد – لە غوربەتا

لە غوربەتا
وتنی: عەتا ئەحمەد

سینەی پڕ ئاهم .. هەورێ تیا دەگری و
لە چاوانمەوە.. باران داناکا!
عومریشم .. بەفری بەر هەتاوێکە..
هەر ئەبێ بە شوێن مردنا ڕاکا

کێ بێ پایزی دڵی ئاوارەم..
بنێتە کۆشی قرمزیی بەهار؟
کەشتیییەکی وێڵ لە دەریای تووشا..
تۆ بڵێی ڕۆژێ بگاتە کەنار؟

بۆ شادمانیی زۆر کورتە تەمەن..
بۆ کوێرەوەریی.. نابڕێتەوە
چۆن گڕ ناگرێ بەفری بەرهەتاو؟..
خۆ دوای چەند ساتێ.. هەر ئەتوێتەوە

ئای چەندە مەیلم لە گریانێکە..
دڵ و جەرگمی تیا بتوێتەوە
تەنیام و تەنیا.. کەس نیە باوەش..
بۆ ئەم ئازارەی من بگرێتەوە

با خۆم گێل نەکەم.. منی غوربەتیی..
کەنارم تۆف و شەستەبارانە
کەس ناگری بەسەر ڕوخساری منا..
تەم و مژێکی دەم ئێوارانە


ئەم کۆپلەیەی خوارەوە لە ڤێرژنە کۆنەکەیا هەیە

خۆزگە ئەمتوانی گڕ لە خۆم بەر دەم..
دوکەڵم ببێ بە تارای سەر ڕووت
یان بمرم و سەگ لە لاشەم تێر بێ..
دنیای ڕوانینم مردنە و تابووت


ئەم کۆپلەیەی خوارەوە لە گۆرانی سینەی پڕ ئاهم دا هەیە کە بە دەنگی سۆزان نامۆ وتراوە

من بۆچی نەمرم؟ بۆ نەبمە هەورێ؟
تێر بگریم بەسەر باڵای ئازیزا
بۆ ئازیز ڕۆیی و لە من ناپرسێ؟..
تەمێکم لە ناو کۆشی پاییزا

Print Friendly, PDF & Email