سامان عومەر – کوڕم مەگری
کوڕم مەگری
وتنی: سامان عومەر
هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە بەس بگری
لەچاوی بێقەرارم بۆ دەرمانی وەنەوز ئەبڕی
کوڕی خۆم کۆرپەلەم
میوانی دنیای تازە خەڵقاوم
ئەدا گریەت هەزار ژان بەڕۆحی پڕ گلاراوم
چییە ئەم گرییە بێ غایە؟ کوڕوزەی نیوەشەو خورپێ
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ ئەمەل ئەڕێژێ
وەکو ئەو بەرخە بچکۆلەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو
لەبەر چی نەشئەباری هەڵتناداتە سەرپاشوو
چییە توخوا چ سڕێکە وەها مەحکومی گریانی
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی لە مانای گرییە نازانی
خوێندنەوەی عادل عەزیز:
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بەدەم باوە ببێژایە
حەقت بوو، حەقت بوو بێ وچان بگری بەسەر تاوانی باوکیما
بەحر پڕ کەی لە تف بیدەی بەناوچاوانی باوکیما
وەلێ کۆچی ژیان کۆچێکی پڕ سیحر و پڕ ئەفسونە
لەیەک سەرچاوە دوو قەترە یەكێک لێڵەو یەکێک ڕوونە
هەیە وەک من بەسەر دڕکا ئەنی هەنگاوی ئاوارە
هەیا هی واشکە فەرشی ژێری پێی ئاوریشمی گوڵزارە
بەخۆڕای مەترسە خەم مەخۆ مەگری لە ئێستاوە
بەچی مەعلوم کەچی لەو تەختی ناوچاوانە نوسراوە