Shamal Aba Rash – Harchand Akam

شەماڵی عەبە ڕەش – هەرچەند ئەکەم

‌هەرچەند ئەکەم
هۆنراوەی : گۆران
ووتنی : شەماڵی عەبە ڕەش

هەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم:
بۆچی وەها دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین…
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی،
کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایەی کە شیعری
بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو
تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو!..
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!

 

Print Friendly, PDF & Email