ئەگەر بووم بە شیرە خۆرە ئازیزەکەم سوێندم وابێ
لە گۆێ مەمکی تۆ بەولاوە مەمکیك لەسەر لێوم نابێ
ئەگەر بووم بە کۆرپەی ئازیز لەناو وەڕکا کە پێم دانێم
لەسەر کۆشی نەمرت نابێ هەرگیز چاوم لە یەك نانێم
ئەگەر بووم بە پێدەشت و شاخ لە هەر کاتێ لە هەر لایە
لە چاوانی تۆ بەولاوە ڕۆژ و مانگم لێ هەڵ نایە
ئەگەر بووم بە خاکی تینوو گڕ هەڵسێ لە ئاسۆمەوە
بارامەی زوڵفی تۆ نابێ دڵۆپێ ئاو ناخۆمەوە
ئەگەر بووم بە سەرلقی دار باهار گوڵم لەسەر بدات
نازی جوانێت نەبێت شەرتە مەلێك لانەم لەسەر ناکات
ئەگەر بووم بە پیری موغان مەی هەرهەموو دەرامانم بێ
شەرابی ڕەنگی تۆ نابێ هەموو پێکێ بە ژانم بێ
ئەگەر بێت و بە سەر غاما هەزار کەڕەت بڕۆمەوە
لە بارانی تۆدا نابێ دەردی دڵم ناشۆمەوە
ئەگەر بووم بە ناوێكی خۆش بێمە ڕازی داخراوت
هەتا لە بەیتی شیعرێكا ئەبم بە قافیەی ناوت
ئەگەر من بووم بە ڕیگاو بان هێڵـم دیار بوو لەمسەر خاكە
بۆ تۆ نابێت ڕێگەو هێڵم گیانە ئیتر بۆ کێ چاکە