نەجمەی غولامی – ئاسمانی شین
ئاسمانی شین
وتنی: نەجمەی غولامی
هۆنراوەی: گۆران
ڕۆژ ڕۆژی شادی کات بەیانیە
تەبیعەت مەستی و بزەی جوانیە
سەرانسەری چەم داری ژاڵەیە،
ئەو داوێن سەوزی سەرلق ئاڵەیە!
ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی
سا توخوا دەنگ خۆش دەی قەتارەکەت،
«کوڵەنجە ڕێ ڕێ» و «ھەوری لار»ەکەت!
وەك ھەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ،
جارجارێ لابدە بۆ بەرپێی گوڵێ
ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی
دەشتی تەخت و پان، دەریای سەوزایی،
خاڵ خاڵ تیا دیارە شوێنی ئاوایی
ھەوای پڕ شنە چەمی ئەلەرزانی
کورەی شادی وە جۆش دەهێنێ
ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی
جۆگە وردەکان ئەکشێن سەرەوخوار،
ئەبریقێنەوە، وەک توولەی ڕەشمار!
ڕەنگ ڕەنگ پەپوولە ئەفڕی زەلاوزەل؛
گا کناچەی پۆڕ، گا جریوەی مەل
ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی
گوڵەبەڕۆژەی قژزەردی چاوکاڵ،
مل کەچ وەستابوو: سەرگەرمی خەیاڵ!
عەکسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو،
تیا ئەشکایەوە پرشنگی ھەتاو!
ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی
تێبینی: ئەم شیعرە لە کتێبەکەیا بە ناوی گەشت لە قەرەداغ ە.