بەهجەت یەحیا – گریانی ڕووح
گریانی ڕووح
وتنی: بەهجەت یەحیا
گەربواری وای ڕەخسان ڕۆژگاری چەووت
جاریکی تر یەکمان بینی بەڕێکەوت
نەکەی هەروا بە نیگایەک بەڕێم کەی
بەڕووخسارما بڕوانی لێم تێدەگەی
بەفری تەمەن باریوە سەردەمێکە
هەرتاڵێکی قژم باسی خەمێکە
وەك ڕەوەندان چۆن ئەڵوەدای کوێستانن
یان برسیان چەندە لە خەمی نانن
وەك شنەی بای هۆگری پەلکی داران
وەک تینوێتی ووشکەساڵێ بۆ باران
ئاوا منیش بۆ دیدارت پەرۆشم
خەیاڵی تۆ تەنیویە بیر و هۆشم
دەستی ڕۆژگار خۆزگەی کردم بە بریا
بێ ناز کەوتم دڵم وەک کۆرپە گریا
بۆیە چاوم ئێستاش پڕ لە ئەسرینە
ساڕێژ نابێ برینی ئەو ئەووینە
هەموو تەمەن لەگەڵ خۆما ئەیگێڕم
ئەو زامەیە هەوێنی ووشە و دێرم
گوڵێ نەبووی لەپاش وەرزێ بژاکێی
ڕەنگە خۆشت نەزانی وەک من تۆ کێی
حەزێ نەبووی پاش ساڵانێ بەسەرچی
تۆ ئەو هەستەی لەگەڵ ڕووحا دەرئەچی
بێ وویستی من دەستی زەمەن وای هێنا
کەتۆ ڕووح بی من بەچی بتکەم وێنا
التعليقات مغلقة.