حەمە جەزا – کوڕی بابە گوڕگوڕ
شیعر: شێرکۆ بێکەس
ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
وا ئەسپێکی سپی یاڵ سوور
لە پێدەشتی کەرکووکەوە
ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ!
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم!
ئەوەی بەفر و گڕ و شەپۆلی ناسیبێ،
ئەوەی شمشێری برووسکە و
با و بۆرانی کێوی دیبێ تۆ ئەناسێ!
ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوار کردوو!
ئەوەی جارێ گوڵاڵە سوورەی چاو ڕەشی
“ڕەحیم ئاوا” و منداڵانی سەر قۆچکەتاشی
“لەیلان” و کێڵگەی برس “دوز”ی دیبێ تۆ ئەناسێ!
کۆبنەوە و هەستنە سەرپێ سەر هەڵبڕن!
بازێک شەڵاڵی خوێناوە و تۆزێکی تر
بەم ناوەدا تێ ئەپەڕێ! ڕوەو قەندیل
بەسەر هەورازی شەختەدا نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لووتکە و ئەچێ لەوێ
لە پەڵە خوێنی “نازم”دا بە هێواشی ڕائەکشێ!
ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
زریان گڤەی ون کردوە و بۆی ئەگەڕێ.
گەرمیان کوورەی کاوەیە و جۆشدراوە
تەماشاکەن هەرچی گردۆڵکەی
پێدەشتی لەش جنراوە وەکوو دایکانی وڵاتم
بنچکی قژ و ئەگریجەی گژو گیایان لە ملیاندا ئاڵۆزکاوە!
مامە ڕیشە!
ئەی پڵنگی چنگ بەگڕی گەرمیانم!
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلەکەی بەر هەیوانی.
داسی دروێنە و هەتاوی
سەربانیژەی زستانانی.
مانگەشەوی. هێشوی ڕەزی
هاژەی چەم و وژە وژی دارستانی.
ئاگری شوانی وەکوو باران
وەکوو کانی وەکوو دەغڵ و دان
خۆشەویستی تۆ کوڕی بابە گوڕگوڕی
داستانێکی سەدەی بیستی!