نەجمەدین غوڵامی – بۆ بولبول
هۆنراوەی: گۆران
ئەی باڵداری ئێسک سووك، بولبولی دەنووک بچووك!
باغچە بە باغچە ئەفڕی، وچانێکی لێ ئەگری
کام سەرچڵ دڵت گرتی. دەنگی لێ ھەڵئەبڕی
کام ئاوازە شیرینە، ڕووناکی و نەشئەی ژینە
بە چوار دەوریا ئەپژێنی، دنیا پێ ئەکەنێنی
لەو گەرووە پچکۆلانە ئەم نەغمە بەرز و جوانە
چۆن دێتە دەر؟ چۆن ئەڕژێ؟
وا گیان ئەسمێ، ھۆش ئەمژێ؟
منیش دەروونم شاد بێ، ملم لە بەند ئازاد بێ،
دەور و پشتم گوڵزار بێ، عومرم یەکسەر بەھار بێ
پەرداخی ئاوم گوڵ بێ، جێی حەسانەوەم چڵ بێ
عەشقم وەك عەشقت پاك بێ، پڕ لە ھیوا و ڕووناك بێ،
ئەبەدی بێ و پڕ جۆش بێ، ئەوەندەی ھی تۆ خۆش بێ
منیش ئەی مەلی پیرۆز، بە یەك چریکەی پڕسۆز
بەستەی وات بۆ ئەخوێنم،کە جوان جوان بلەرزێنم،
ڕووی کام گۆم شین و مەنگە، کام درەخت شۆخ و شەنگە!
کام شاخ کە سەخت و بەرزە، بیخەمە بوومەلەرزە!
کام ئاسمان بێ بنە، ناخی پڕ کەم لە شنە!