Karwan Osman – Am Mrova

کاروان عوسمان

کاروان عوسمان – ئەم مرۆڤە

ئەم مرۆڤە
وتنی: کاروان عوسمان

ئەم مرۆڤە ..هەندێ جار لە تەنهاییدا
خەمەكانی وەك چرا دادەگیرسێنێ.
هەندێ جاریش……
چەپكێ هەتاوی سەربڕاو هەڵدەگرێ و
وەك شێت بەناو كۆڵانەكاندا دەگەڕێ.

ئەم مرۆڤە ..وەك تۆ ژیانی پێ خۆشە،
كاتێ لەگەڵ یارەكەیا سەما ئەكا،
یان لە كەناری ڕووبارێك دادەنیشێ،
وادەزانێ وادەزنێ
سواری ئەستێرەكان بووە و
بەناو گەردووندا ڕادەكا.

بەڵام كاتێ كە دەبینێ
نیشتیمانی لەسەر شۆستەكان كەوتووە.
نیشتیمانی لەژێر سێبەری چەقۆدا
ملكەچ بووە.
بە دەنگی بەرز هاوار ئەكا
دەرگای شار بەرد باران ئەكا
دەم و چاوی پاشاكانی
بە تف سواغ ئەدا.

ئەم مرۆڤە ..
لە گۆشەیەكی ئەم دنیا بەرینەدا،
چاوەكانی بە بارتەقای
پانی گەردوون كردۆتەوە.
ئەڵێی تەنها ئەم جارەیە
ئەم زەمینە وادەبینێ.
ئەڵێی
یەكەم جارە زامی بەڕوویەوە پێ بكەنێ.
چاوەكانت بە بارتەقای پانی گەردوون كردۆتەوە.
بە هێمنی
لە ڕۆژگار و بیر لە ژیان ئەكەیتەوە.
ئەوەتانێ
بەم نیوە شەوە سامناكە،
بەم بەفر و با و بارانە،
ئەم زەمینە بۆ باوەشی حەقیقەتی ئەبەیتەوە.

 

Print Friendly, PDF & Email