بەهجەت یەحیا – سۆزی شەوێك
سۆزی شەوێك
وتنی: بەهجەت یەحیا
ئاواز و هۆنراوەی: بەهجت یەحیا
مۆزێك: غەمگین فەرەج
تیپی مۆسیقا کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان
ساڵی ١٩٨٨ دانراوە و لە ساڵی ١٩٨٩ بڵاوکراوەتەوە
گوێم بۆ ڕادێرە بەس تەنها ئەمشەو
لە دوو دیدەی من میوان نابێ خەو
بەس تەنها ئەمشەو تۆ میوانم بە
هەڵگری نازی هەست و سۆزم بە
ڕایژێنە تاوێ بێشکەی دڵی من
دامرێنەوە کوڵی گریەی من
تۆ بووی ئاودێری باخی دەروونم
ئیلهامی شیعری بەستەی ئەوینم
چۆن دەستت تێی چوو ئەو باخە جوانە
وا پێشێلی کەی بێبەزەییانە
ئەم حەزە دیلە ڕوو بکا بەرەو کوێ
ئاهی ئەشکی من ئۆباڵی بە کێ
بێ سۆراخ و شوێن، وا بووم سەرەڕۆ
بووم بە هەڵگری بارگەی خەمی تۆ
چۆن دڵت توانی دڵم بشکێنی
داستانی عەشقم هەرەس پێ بێنی
ئەو سوێیە تا سەر لە دڵم دەر ناچێ
بێوەفایی تۆم هەر لە یاد ناچێ