Ibrahim Xayat – Fatima

Ibrahim Xayat

ئیبراهیم خەیات – فاتمە

شیعر: ئەحمەد ھەردی 

فاتمە، دوو

فاتمە، دوو چاوی مەستت، پڕ تەلیسمی جوانییە
پڕ شەرابی خۆشەویستی و عارەقی یەزدانییە

بەژن و باڵاکەت نموونەی ھەیکەلی یۆنانییە
لار و لەنجەت مۆسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە

بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
تاقە پڕشنگێکی چاوت ئەوپەڕی ئاواتمە

گەرچی دڵداری لە خاکی ئێمەدا ئەفسانەیە
ھەر بەتەها بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە

گیانەکەم، ئەمما دڵی من لەو دڵە شێتانەیە
بێ ئەوەی ھیچ شک بەرێ، کوژراوی ئەو چاوانەیە

ھەر بەتەنیا خۆشەویستی شک ئەبەم، ست فاتمە
سەروەتم ناوێ، بزەی تۆ، ئەوپەڕی ئاواتمە

خۆشەویستی وا کە نامەی خوایە بۆ پێغەمبەران
بەرز و ناسک، وەک ھەناسەی پڕ گوڵاوی دولبەران

نەک وەکوو حەزکردنی دینار و گەوھەر پەروەران
ئەو کەسانەی بۆ قڕانێ، چەندە دڵیان ھەڵوەران

خەڵقی تر پارەپەرستی با بکەن، ست فاتمە
من بە تەنیا، تۆ پەرستی ئەوپەڕی ئاواتمە

زۆر کەڕەت ھانم ئەدا داخی دەروونی پڕ گڕم
بۆتی ھەڵڕێژم سکاڵای ناسکی گەرم و گوڕم

داخەکەم کاتێ کە دێمە بەردەمت، واقی وڕم
وام ئەشێوێنێ بە جۆرێ نایەڵێ ھیچ دەربڕم

بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
گوێیە بۆ ئەم ڕازە شل کەی، ئەوپەڕی ئاواتمە

 
 
Print Friendly, PDF & Email