Najmadin Xulami – Dlm Tanga

نەجمەدین غوڵامی

نەجمەدین غوڵامی – دڵم تەنگە

دڵم تەنگە

وتنی: نەجمەدین غوڵامی

 

دڵــم تەنگـە وەکــو خونچــەی دەمی تۆ

سەرم گێـــژە لە گێــژی پەرچــەمی تۆ

دڵ و گیـــان و ژیــانم دا بــە مــــاچێ

وتت پێك نـــایە زۆری من کــەمی تۆ

 

لە چەشنــی ئاگـــرن کوڵمی گەشی تۆ

لە مـــار ئاستەم ترن زولـفی رەشی تۆ

بڵێم وەك چی دەچێ، هەر گوڵ دەزانم

لە گــوڵ ناسکتــرە ، ناسك لــەشی تۆ

 

لە گوارەی پڕ پەرەنگ دڵ پڕ پەرەنگم

چەماوی بەژن و باڵای شۆخ و شەنگم

لەسەر سنگی سپیت چاوم سپی بوون

لە تاوی زەردە لیمۆت، زەردە ڕەنگم

 

کش و ماتە جیهان، لە ژوانی، لە نوێ

گەلاوێژ بۆ مە دەڕوانێ لەسەر سۆی

چریکەی بولبولێك دێ، وا دەزانم

چپەی ماچی من و تۆی هاتە بەر گوێ

 

 

Print Friendly, PDF & Email

التعليقات مغلقة.