Hamid Banay – Shawi Hijran

حەمید بانەیی

حەمید بانەیی – شەوی هیجران

شەوی هیجران 

وتنی: حەمید بانەیی

چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە
بەڵکە فەرمایشت بکات گوڵ، بولبولم با بێتەوە
واوعی دی بەفری زستانە و فیراقم کەوتە دڵ
مەرتەبای وادەی ویساڵم کێوی دڵ ڕەشبێتەوە
میروەحەی زوڵفت لەدەوری ئاوڕی ڕووت بێ چلۆن
 ئاگری ئیشقت بە ئاوی چاوی من دەکوژێتەوە
سووچی زوڵفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت
 ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەکرێتەوە
خەتی میهر و زوڵف و خاڵی حوجەتی موڵکی دڵە
نەخشی ئەو موهرە بە ئاوی خوڕخوڕە ناچێتەوە

 دڵ لە ترسی چاوی بوو ڕووی کردە میحرابی برۆی
ئێستا بیستوومە لە چینی زوڵفی جێ نابێتەوە
کێوی هیجرت خستە سەر شان و دڵم پێی خستووە
تا نەگاتە دەستی بە زوڵفت زەحمەتە هەڵسێتەوە
سەد کەڕەت خستمتە گێژی مەهلەکەی بەحری فیراق
ئاخری قولابی موژگانت دەرم بێنێتەوە
مەزرەعەی میهر و مەحەبەت توخمی وەسڵی شینمی کرد
 گوڵ بە شادی دادەچێنم خاری غەم دەڕوێتەوە
خۆت دەزانی موددەتێکە سەر و پاماڵی جەفام
کەی وەکو نەخشی قەدەم سەرنێمە ژێری پێتەوە

 دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی غەم و قوربانتم
تایەکی زوڵفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە
توخودا تا کەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ
دەستەو ئەژنۆ دابنیشم ڕەبی کەی ڕۆژ بێتەوە
بێئیشارەی حیکمەتی چاوت شیفام نایە شیفا
خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە
فیکری من چونکە دەقیقی ئاشقی قەدی ئەوە
موو لو موو گیراوە چی بکەم لێک جوێ نابێتەوە
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە
بەڵکە فەرمایشت بکات گوڵ، بولبولم با بێتەوە

 

Print Friendly, PDF & Email