Hamai Nergz – Ay Chaw

hamai nergz

حەمەی نێرگز – ئەی چاو

هۆنراوەی: گۆران

ئەی چاو چەشنی بازی قەفەس هەڵوەرێ پەڕت
کوا باڵە تیژەکانی نیگای جوانی دولبەرت
کوا دوو چاوی مەست؟ کوانێ؟
دوو برۆی پەیوەست، کوانێ؟
کوانێ زوڵفی ڕەش؟ کوڵمی ئاڵ و گەش
کوا هەیکەلی جەمال؟ جوانی بێ میسال؟!

ئەی گوێ زەلیلی چاوم و بەر تۆ پەنا ئەبەم
دەنگێ لە یاری دوورەوە، چی بکەم لە زیل و بەم؟
با بێ، خەندەی پڕ ئاهەنگ بێ
نەغمە و نازی شۆخ و شەنگ بێ

زڕەی بازن بێ
ڕووە و لای من بێ
هاڕەی هەیاسەکەی
ورشەی کراسەکەی

ئەی لامیسە، ئەگەر چی نەبوو دەنگ و ڕەنگ و بۆ
وەك شێت بە عەقڵی خامەوە خۆم خستە بەختی تۆ

کوا تەماسی لەشی نەرمی؟
کوا لەزەتی کۆشی گەرمی؟
کوا مەمکی پڕ چنگ؟
لیمۆی باخی سنگ
کوا ماچی لێوی ئاڵ
جورعەی ئەبەدی خەیاڵ

Print Friendly, PDF & Email