کەریم کابان – تەمەن
تەمەن
وەتنی: کەریم کابان
هۆنراوەی: ئەحمەد محەمەد
ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم ، ئەڕۆی ئاوڕ نادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا ، لە عومری من ئەسڕیتەوە
خۆزگە منیش وەک پەپولە ، گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دور لە خەم و تاڵی ژیان ، تەنیا گوڵم بناسیایە
ڕێگام سەودای تەنیاییە و ، کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چیببکەم لەم تەمەنە ، کە لەهەمووی پەشیمانم
لە گریانی مناڵیما ، پێکەنینم بە خەم ئەهات
کەچی ئێستا خەم دەریایە و، بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات
لە سەد جارا تەنیا جارێ ، زەردەخەنە دێتە میوان
وەک سێبەری لای ئێوارەی خۆرنشینی دار ئەرخەوان
ئەی هاوڕێیان چاوم نوقمی ، نیگارێکی پڕ بەهارە
تاسەم وەری بەڵام هێشتا ، خۆشەویستیم هەر بێدارە
ئێستاش گەڵای عومری گەنجیم ، وەکو پایز هەڵوەریوە
کێ وەکو من تەم و غوبار ، پەنجەرەکەی داپۆشیوە
https://www.facebook.com/TextiGorani/videos/1511240415596270/
التعليقات مغلقة.