Ibrahim Xayat – Dlm har aw Dlai Jarana

Ibrahim Xayat

ئیبراهیم خەیات – دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە

شیعر :  ئەخۆل

دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ
هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەتاسێنێ
 
ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابکێشێ، مەگرە لێم چونکە
جەماڵت پەیکەری ڤینۆسی خوای جوانیش ئەجووڵێنێ
 
پەچەت لادە ببینم ڕووت ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم
لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشی ئەنەخشێنێ
 
کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت
لەلام قەوس و قەزەح هیچ ڕەونەق و شەوقێکی نامێنێ
 
بەوەش دڵشاد و خۆشحاڵم کە یادی نائومیدیی خۆم
بەخوڕ ئەشکی لە چاوانا قەتیسماوم ئەبزوێنێ
 
تەمەن ڕوو بۆ خەزان ئەڕوا کەچی گەردوون ئەوا تازە
لە وێرانەی دڵا تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ
 
بە چەشنێ خۆشەویستیی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە
مەگەر جامی ئەجەل ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ
 
https://www.youtube.com/watch?v=HwVJhAb37U8
 
Print Friendly, PDF & Email