Nasr Razazi – Nalay Juday

Naser Razazi

ناسری ڕەزازی – ناڵەی جودایی

شیعر: هێمن 

ساقیا! وا بادەوە وا بادەوە
روو لەلای منکە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زوربایان شادو بە کەیف و بێخەمن
مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێخەمان
مەستی بێخەم بۆ چی بگرن ئێخەمان؟
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێت ئەو کەسەی دەردی کەمە
ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێدەرد نیە
لێی حەرامبێت ئەو کەسەی رەنگ زەرد نیە
بۆ کەسێکە مەی کە دەردی کاریە
بێ خەمیک بیخواتەوە زۆرداریە
بۆ کەسێکە مەی چزیلکی پێوەنێ
بۆ چی منهور لیرە بینی پێوەنێ؟!
بۆ کەسێکە مەی دڵی پربی لە داغ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماغ ؟!
ئەو کەسەی بێ کەس نیەو خانەخەراب
دەک بە ژاهری ماری بیت بادەو شەراب!
ئەو کەسی نەی چێشتوە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێشو برکو ژان
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لەژێر باری ستەم
ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد
تیغی زۆرداری برینداری نەکرد
ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لەماڵی دەرکرا
ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی
نیری یرخسیری لە ئەستۆ دارنی
ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویرو زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی رۆژگار
ئەوکەسەی نەیهاری بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی زیرەی نەگەییە ئاسمان
ئەو کەسەی دوری ئەزیزانی نەدی
تیرو تانەی بێتەمیزانی نەدی
تۆزی بەد بەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەورو پشت و چوار تەنیشت
ئەو کەسەی خواردیو لەبن سێبەر کەوت
شەو لە بۆ کەیفێ لە ماڵی دەرکەوت
بۆ دەبێ بێتو بکا مەیخانە تەنگ؟!
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتەو جەفەنگ
ئەو کورەی هێشتا لە ژوانێ رێی هەیە
سەیرە زۆر سەیرە کە ئالودەی مەیە
ئەو کەسەی راوی نەنێن لیرەو لەوێ
ئەو کورەی ماچی کچانی دەست کەوێ
ئەو کورەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ
دێتە ئێرە چۆنە هەی دێی ناکەنێ؟!
ئەوکاسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ
ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ
ئەو کەسەی پەنجۆڵە بگوشێ جارو بار
ئەو کەسەی دەستی دەگاتە گەردنی یار
ئەو کەسەی راموسێ کوڵمی تاسو لوس
ئەو کەسەی تیی هەڵ نەدابێ چارە نوس
ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ
ئەو کەسەی ئاسودەو خۆش رای بوارد
قەت خەمی یەخسیرو کۆیلانی نەخوارد
یەک لە ماڵێ چاوەرێی بو بێتەوە
دەرکی نێو ماڵێکی لێ بکرێتەوە
خەم رەوێنێک گوێبداتە رازی ئەو
نازەنینێک بێ بکێشێ نازی ئەو
بگرێ پەنجەی نەرمو نۆڵێ ناسکێ
بۆی کرابێتە سەرینێ،باسکێ
هەیبێ هێزو گوردو تینو تاو و گور
رۆژگاری رەش نەبێ،بەختی مکور
ئەو کەسە جێگای لە مەیخانێ نیە
ئەو کەسە بادەو شەرابی بۆ چیە؟

 

Print Friendly, PDF & Email