Kamal Mohamad – Kori Sherenm

kamal mohamad

کەمال محەمەد – کوڕی شیرینم

کوڕی شیرینم مەترسە
جێت ناهێڵم جیت ناهێڵم
وەرە بەدوای شڵپ و هوڕی
قاچە ماندۆکانی منا لێم وون نابی
ئەوەتا شاخ و دەشت و دۆڵ
شەستەو ڕەهێڵەو باو بۆران

چۆکی بە گشتیاندا داوە
باوکە کۆڵ بە کۆڵەکەشت
بەگژ گرمەی هەورا ئەچێت
چارەی ڕەشی یاوەتە
بەر ڕەقی ئاگری چەخماخە

پێ هەڵگرە، پێ هەڵگرە
ئاگادار بە لێم وون نابی
ڕۆڵە نازدارەکەی دایە
جووجە شیرینەکەی بابە

دڵنیابە ترست لە خێوی خەیاڵ
و لە دێوی ئەفسانە نەبێ
لەم ھاتنە بێ شوومارە
لەم کۆچە گەلە یەکجارە
لەم دیمەنە خەیاڵییە
کە مێژوو نێوی خاڵییە

تارماییەکان تارماییەکان
لە ژێر تاشە بەردی سپی و
دەوەنی ڕەش و کلۆرا
لە ترسانە ھەموو ھەڵدێن

پەتۆکەی کۆڵت توند
بگرە لێت نەکەوی
ھەر بگەینە بن دیوارێ
ئاسارێ کۆنە ھەوارێ
لەگەڵ پێڵووی چاوەکانما بۆت ئەگووشم
کە برسیت بوو نەختێ نانی ڕەقم پێیە
بە شەکری ڕووحی منەوە بیکرمێنە
کە سەرمات بوو باوەشی
من ئاگری کزەی جەرگی من
بەرقەرارە بەر قەرارە
بە بەژنی وورد و ماندووتا
سەرەنج ئەدەم
بە سەر چاوە گەشەکانتا
چێژی عیبادەر ئەڕێژێ
وەکوو تاوانێکت ھەبێ
بە لاوەی خۆت بە گەورەیەك ئەزانی
بەگەردێكی گەردون ئەبی
دەسم بگرە دەستم بگرە
دەست گووریسە لێم ون نابی

****** گۆرانی********
بەسەر دیدەی چاوەکانت
بنوە کوڕم وا بەیانە
بنوە کوڕم وا بەیانە
هەور ئەگری هاژەی چەمیش
لەگەڵ باران نۆ بەیانە
لەگەڵ باران نۆ بەیانە
تۆ سنگی با بەلێفەتا
منیش باران منیش باران
شەوگارت شاد
بنوە کوڕم وەکو جاران

ئەگەر چی تاڵە تەرزەی شومی
لە دێکا پەردە کولەی مەرگی منە تا بەیانی
سەرو شانی بابە تۆخۆش کە میحرابە
بەسەر تۆدای دانەویوە پشتی بابە
ئەگەر جارێك دلۆپێك ئاو بەهێمنی ماچی کردی
بزانە فرمێسکی منە خلیسکا بە ملی وردی
بزانە ئەشکی بابەیە سەری کڕنۆشی بۆ بردی

دەبم بە خۆراکی ژیانت مەحرومت ناکەم لەم جەژنە
بەگەزی ئاهەم دەبپێوم قاتیك جلیك پڕ بەم بەژنە
لەگەڵ عالەم و تەمەنی خیاڵیتا
ئەگریم بەسەر چارە ڕەشی مناڵیتا
جەژنانەکەت لە مشتایە
نازانی هەستت دەرىڕی
چاوەرێی بووکی بەیانی
تیشکی هەتاوی پێ بەکڕی
تیشکی هەتاوی پێ بەکڕی

 

 

Print Friendly, PDF & Email