Adnan Karim – Aw Dlay Wak Bt Parste

Adnan Karim

عەدنان کەریم – ئەو دڵەی وەك بت پەرستێ

هۆنراوە :ئەحمەد هەردی – دوو چەشن دڵداری ١٩٨٣

ئەم دڵەی وەك بت پەرستێ ڕوو ئەکاتە چاوەکەت
نوێژ ئەکا بۆ تیشکی چاو و زوڵفە تێك ئاڵاوەکەت
گەرچی ئەیشێلی بە زەبری قۆندەرە و پێڵاوەکەت
قەت بە دڵڕەق باست ناکەم، نایزڕێنم ناوەکەت
چونکە ئەیزانم تەلاری یارە خواپێداوەکەت
مەستی کردووی، بۆیە نابینێ لە عاستم، چاوەکەت

ڕەنگە لات وابێ کە گوایا یارەکەت مارەت ئەکا
یا بە کەیبانووی تەلاری بەرزی ئەم شارەت ئەکا
ئەو خەیاڵەت خاوە، تووشی داوی ئەو مارەت ئەکا
چونکە وەك گورگێکە، مەیلی ئەو لەش و لارەت ئەکا
ئەو بەتەنیا بۆ گوڵی سەر مێزی بادەی تۆی ئەوێ
ھەر کە جارێ بۆنی کردی، جا گوڵێکی نوێی ئەوەێ


ئەو، گوڵی بۆ مێزی بادە و پۆکەر و یاریی ئەوێ
واتە تۆی بۆ تێپەڕینی کاتی بێزاریی ئەوێ
من، گوڵم بۆ تۆوی باخی ژین و دڵداری ئەوێ
یانی من، تۆم بۆ ئەوینی عومری یەکجاری ئەوێ
تۆم ئەوێ وەک گوڵ لە باخی ماڵی مندا ھەڵبدەی
نەک گەڵی سەرمێزی ئیمڕۆ بیت و پێخوستی سبەی
من. ئەوینم ھینی عومرە و، ھی خەوی شەوگار نییە
وەک خەوی خاوەن تەلار و خاوەنی دینار نییە
ھەر بووە و ھەرگیز ئەمێنێ، ھینی جار و بار نییە
ئاوی لێڵی کوێرە شیوێ چەشنی ھی ڕووبار نییە
جا ئیتر من قسەی خۆم پێ گەیانی، بێ درۆ
حەز ئەکەی ھەر وەک پەپوولە ڕوو لە ئاگر کە و بڕۆ!

Print Friendly, PDF & Email

Comments are closed.