Jalil Mahmud – Dw Awanakay

جەلیل مەحمود – دوو ئاوانەکەی

شیعری: پێرەمێرد

دوو ئاوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە رونــــاکـــــــــی وێنەی بلـــــوری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری

ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەك ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆغراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف

بەشـــــەدەی لارو کراســـــــــی کەتان
وەك مانگ (کەتان)ی جەرگیان ئەسووتان
وەك مانگ بە شەوی تاریکی دەیجوور
بورجی رەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور

شەوی مانگە شەو ئاوایی خەوتن
لەدوای سرەوتن کاتێ تێکەوتن
ئەو لەش و لارەی بەشڵپەی مەلە
دڵـــــی بێ دڵیـــــــان ئەخستە پەلە
ئای بۆ (پەری خان) نازداری جــافـــان
ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان

ماڵە بەگزادەو سیڕەی سەماوەر
رووی ئەو روبارەی وا ئەگرتە بەر
ئــــاوازی سەقر و باز و باڵــــەبان
حیلـــەی مــــاینی جنسی کەحیلان
ئەمانە هەمووی خوا دابووی بە جاف
حوکمدارێك بوون بێ لاف و گەزاف

توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لاوەکە
ئەڕوانم ئاخۆ جامی فۆتۆگراف
نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف
نەء!! ئەو دەبدەبەو سەر ئەو سەر ئاوە
ئێستاش ئەفسانەو نەخشی سەر ئاوە
ئەو دڕك و داڵە و ئەو قەل و داڵە
ماونەوە لە شوێن ئەو گەورە ماڵە
نازداران بوونە ماسی دوو ئاوان
بە بۆمبای راوکەر کەوتنە سەر ئاوان

Print Friendly, PDF & Email

التعليقات مغلقة.